سیمینارى شیكردنه‌وه‌ى "رێنماییه‌كانى ره‌فتارى وه‌زیفى" به‌رێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ى شووباتى ساڵى 2017 له‌ هۆڵى كۆنفرانسه‌كانى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان به‌ ئاماده‌بوونى د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان و به‌رێوه‌به‌رى گشتى سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانى كوردستان سیمینارێك له‌باره‌ى رێنماییه‌كانى "ره‌فتارى وه‌زیفى" به‌رێوه‌چوو.

رێنماییه‌كانى "ره‌فتارى وه‌زیفى" له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك رێنمایى بۆ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانى كوردستان ئاماده‌كراوه‌ و بریاره‌ له‌داهاتوودا به‌میكانیزمێكى دیارى كراو بۆ جێبه‌جێ كردنى دابه‌ش بكرێ .

له‌میانى به‌رێوه‌چوونى مه‌راسیمه‌كه‌دا، د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان وتارێكى پێشكه‌شكردوو رایگه‌یاند، رێنمایى ره‌فتارى وه‌زیفى له‌رۆژنامه‌ى وه‌قایعى كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و له‌داهاتوودا سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان پێویسته‌ به‌و رێنمایانه‌وه‌ پابه‌ند بن و بۆ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك دۆسێیه‌كى تایبه‌ت له‌وباره‌یه‌وه‌ بكرێته‌وه‌ .

سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان وتى، سیسمینار و روونكردنه‌وه‌كان له‌باره‌ى ره‌فتارى وه‌زیفى زیاتر ده‌بن و دواتر له‌ڕێگه‌ى چاپكردن له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كان دابه‌شده‌كرێت .

له‌به‌شێكى ترى قسه‌كانیدا د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر داواى له‌میدیاكان كرد هاوكارى بڵاوكردنه‌وه‌ى رێنماییه‌كانى خۆپارێزى بكه‌ن و وتى، به‌شێك له‌میدیاكان پێیان وایه‌ ته‌نیا بڵاوكردنه‌وه‌ى كه‌یس و لێكۆڵینه‌وه‌ كاره‌كانى ده‌سپاكییه‌، به‌ڵام له‌كاتێكدا خۆپارێزى گرنگه‌ و خزمه‌ت به‌ باشتركردنى كارى دام و ده‌زگاكانى حكومه‌ت ده‌كات و ژینگه‌یه‌كى ته‌ندروست دروست ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى.

هه‌ر له‌میانى به‌رێوه‌چوونى ئه‌و مه‌راسیمه‌دا د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر ئاماژه‌ى دا، جێبه‌جێ كردنى ئه‌و رێنماییه‌ گرنگى تایبه‌تى خۆی هه‌یه‌ بۆیه‌ نامانه‌وێت ته‌نیا به‌نوسراوى بمێنێته‌وه‌ و پێویسته‌ جێبه‌جێ بكرێت، چونكه‌ ده‌یان یاسا و رێنمایى گرنگ له‌هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كراون وه‌ك پێویست.

.ده‌توانن ده‌قى رێنماییه‌كانى ره‌فتارى وه‌زیفى له‌ماڵپه‌رى فه‌رمى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان بخوێننه‌وه 
س.ه


به‌دڵمه‌
به‌دڵم نييه‌