پڕۆژه‌كان جێگه‌ى دژایه‌تى گه‌نده‌ڵى نابێته‌وه‌؟

سه‌رخێڵ هاشم
گه‌نده‌ڵى له‌هه‌رێمى كوردستان وه‌ك تارمای ئه‌وه‌نده‌ى قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت و كراوه‌ ئه‌وه‌نده‌ بیر له‌دژایه‌تیكردنى نه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌و واتایه‌ی له‌ناو بردنى گه‌نده‌ڵى نه‌كراوه‌ته‌ بنه‌مایه‌كى سه‌ره‌كى له‌ حكومڕانى هه‌رێمى كوردستاندا

حكومڕانى و ئیداره‌دانى هه‌رێم ئه‌وه‌نده‌ به‌كردارى گه‌نده‌ڵى ئاوێته‌ بووه‌ ڕه‌نگه‌ جیاكردنه‌وه‌ و دانانى ستراتیژیه‌تى ڕووبه‌روو بونه‌وه‌كه‌ى ئاسان نه‌بێت، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسى و ئیداریه‌ى ڕووى له‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ كردووه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى حزبه‌كان پێكهێنه‌رى حكومه‌تن، بۆیه‌ به‌دیاریكراوتر ئه‌و پرسه‌ ڕووبه‌رووى ئه‌وان ده‌كرێته‌وه‌

هیچ كام له‌ حزبه‌كانى هه‌رێم له‌ئێستاو له‌ڕابردوو كه‌به‌شدارى حكومه‌تیانكردووه‌ پڕۆژه‌یه‌كى دیاریكراو تایبه‌تیان نه‌بووه‌ بۆئه‌وه‌ى دژایه‌تیكردنى گه‌نده‌ڵى بكه‌ن به‌بنماو له‌حكومڕانیدا جێگیر بكرێت

قسه‌كردن و ڕه‌خنه‌گرتنى زۆر له‌سه‌ر پرسى ناشه‌فافیه‌ت به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیراده‌نه‌بووه‌ بۆ ڕووبه‌روو بونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و هه‌وڵدان بۆ دروستكردنى شه‌فافیه‌ت، به‌ڵكو حزبه‌كان چاویان له‌ده‌رگایه‌كه‌وه‌یه‌ و شه‌فافیه‌تیان بۆ بێنێته‌ كایه‌وه‌

بانگكردنى حزبه‌كان بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خستنه‌ڕووى داتاى داهات و پرسى نه‌وت به‌ڵگه‌یه‌كى تره‌ كه‌ به‌ڵێ له‌ماوه‌ى ڕابردوو نه‌ شه‌فافیه‌ت هه‌بووه‌ و نه‌حزبه‌كان و حكومه‌تیش هه‌وڵیانداوه‌ فشاربكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسى گه‌نده‌ڵى

ڕاسته‌، له‌هه‌رێمى كوردستان دامه‌زراوه‌ى تایبه‌ت هه‌ن به‌ ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كى ڕاسته‌قینه‌ نه‌بێت و هه‌موان ئه‌و پرسه‌ به‌نیشتمانى نه‌كه‌ن، پێناچێت ئه‌و دامه‌زراوانه‌ زیاتر له‌تواناى خۆیان كاربكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر تائێستا ئومێدێك هه‌بووبێت بۆدژایه‌تیكردنى گه‌نده‌ڵى ئه‌وه‌ په‌كخستنى په‌رله‌مانى هه‌رێمى كوردستان و بچوككردنه‌وه‌ى حكومه‌تى بنكه‌فراوان  و سه‌روه‌ر نه‌بوونى یاسا و بۆشایى یاسایى ئه‌و ئومێده‌ى دوو هێنده‌ كه‌متر كرده‌وه‌

متمانه‌ به‌وه‌هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر حزبه‌كان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیه‌كانى هه‌رێم پڕۆژه‌یه‌كى جددى و دیاریكراویان هه‌بێت بۆ پرسى له‌ناوبردنى گه‌نده‌ڵى، ئه‌وه‌ گومانى تێدانیه‌ هه‌نگاوى جددیش له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌چینه‌ پێشه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و پرسه‌ به‌نیشتمانى بكرێت هه‌موان به‌و ئاراسته‌یه‌ كاربكه‌ن، پرسى ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى بكه‌ن به‌بنه‌ما له‌پڕۆژه‌ چاره‌سه‌ریه‌كانیاندا

له‌كۆتایدا ڕوونتر ئه‌وه‌یه‌ پرسى ڕووبه‌روو بونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌پڕۆژه‌كانى حكومه‌ت و حزبه‌كان له‌هه‌رێم جێگاى نه‌بۆته‌وه‌، بۆیه‌ دۆخێكى خراپى نه‌خوازراو به‌گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ بۆته‌ به‌تاڵان بردن


به‌دڵمه‌
2
به‌دڵم نييه‌