به‌رێوه‌به‌رایه‌تى لێكۆڵینه‌وه‌ى ده‌سپاكى له‌پارێزگاى دهۆك كرایه‌وه‌

د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: له‌مڕۆدا زیاتر له‌هه‌موو شتێك پێویستمان به‌سه‌روه‌رى یاسا هه‌یه‌


ڕۆژى سێشه‌ممه‌ به‌ ئاماده‌بوون و له‌ژێر چاودێرى د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان به‌رێوه‌به‌رایه‌تى لێكۆڵینه‌وه‌ى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى له‌پارێزگاى دهۆك كرایه‌وه‌ 

له‌مه‌راسیمى كردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌دا پارێزگارى دهۆك و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار و سه‌رۆكى دادگاى دهۆك و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى دیكه‌ ئاماده‌ى بوون 

له‌سه‌ره‌تاى مه‌راسیمه‌كه‌دا د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان له‌وته‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند، ده‌سته‌ى ده‌سپاكى به‌پێى یاسا دامه‌زراوه‌ و ئه‌ركى ده‌سته‌كه‌ش له‌یاساكه‌یدا ڕوونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌ركى رووبه‌روو بونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ئه‌ركى هه‌مومانه‌

د.ئه‌حمه‌د وتیشى:" هه‌رێمى كوردستان له‌مڕۆدا زیاتر له‌هه‌موو شتێك پێویستى به‌پره‌نسیپى یاسا و سه‌روه‌رى یاسا هه‌یه‌ "

ئاماژه‌شیدا، به‌رنامه‌یان هه‌یه‌ له‌ داهاتوو دا له‌قه‌زا گه‌وره‌كانى كوردستان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى لێكۆڵینه‌وه‌ى ده‌سپاكى بكه‌نه‌وه‌ 

دواتر و له‌هه‌مان مه‌راسیمدا فه‌رهاد ئه‌رگوشى پارێزگارى دهۆك له‌وته‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند، كه‌ ئه‌وان وه‌ك ئیداره‌ى شاره‌كه‌ به‌ته‌واو پشتگیرى كردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌ ده‌كه‌ن 

وتیشى:" ده‌ستخۆشیشى له‌ ده‌سته‌كه‌ كرد كه‌ به‌پێى یاسا كارده‌كه‌ن و هه‌وڵناده‌ن ته‌شهیر به‌ناوى هیچ كه‌سێك بكه‌ن، ئه‌وه‌ش گه‌یه‌نه‌رى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسیاریه‌تى ده‌سته‌كه‌ گرنگه‌ "

هاوكات سه‌رۆكى دادگاى دهۆك وته‌یه‌كى پێشكه‌شكرد و له‌وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به‌گرنگى سه‌روه‌رى یاساكرد و داوایكرد، ده‌سته‌ى ده‌سپاكى و دادگا هاوكارى یه‌كتر بن 

مه‌راسیمه‌كه‌ به‌رده‌وامى هه‌بوو دواتر عومه‌ر كۆچه‌رى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ده‌سپاكى له‌په‌رله‌مانى كوردستان له‌وته‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند، ده‌بوایه‌ ئه‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌ زوتر له‌ئێستاكرابوایه‌وه‌ گرنگه‌ له‌شوێنى دیكه‌ش ئه‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌ هه‌بێت 

دواتر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ى كرده‌وه‌ و هیواى خواست هه‌موان له‌ئاستى به‌رپرسیاریه‌ت دابن و ره‌وتى ڕووبه‌روو بونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى بن 

 

 

 

 

به‌دڵمه‌
به‌دڵم نييه‌