!! دوو سه‌دو بیست ملیار دۆلار

 بورهان شێخ ره‌ئوف 

ئه‌و ژماره‌یه‌ى سه‌ره‌وه‌ بڕێكى گه‌وره‌و توانایه‌كى كاریگه‌ره‌  بۆ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانه‌ گه‌وره‌كانى عێراق به‌ كوردستانیشه‌وه‌ به‌ڵام  ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ كه‌ له‌ چه‌ندین سه‌رچاوه‌وه‌ى باوه‌ڕ پێكراوو و ڕێكخراوى  نێوده‌وڵه‌تى و ئیقلیمیه‌وه‌ پشتڕاست كراوه‌ته‌وه‌ چ له‌  ڕاپۆرتى باڵێۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ به‌غداد و هه‌روه‌ها سایتى ویكلیكس باسى لێوه‌ده‌كه‌ن  ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ سه‌ر حسابى چه‌ند كه‌سایتیه‌كى سیاسى عێراقه‌ له‌ هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق و كوردستان كه‌ له‌ دواى ڕووخانى ڕژێمى پێشووى عێراقه‌وه‌ له‌ 2003 به‌شدارى پرۆسه‌ى سیاسى عێراقن و جومگه‌ گرنگه‌كانى وڵاتیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ .

په‌تاى گه‌نده‌ڵى به‌ یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ كێشه‌ و بابه‌ته‌ سه‌رنج ڕاكێش و جێ بایه‌خه‌كانه‌ له‌ لایه‌ن چاودێرانى ئه‌و بواره‌ له‌ جیهاندا به‌ گشتى و له‌ عێراقدا به‌ تایبه‌تى , وه‌ عێراق به‌و پێیه‌ى كه‌ له‌ سه‌خترین قه‌یراندایه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌ هۆى هه‌موو ئه‌و جه‌نگانه‌ى كه‌ له‌ مێژووى تازه‌ى دا به‌رپاى كردووه‌ چ ناوخۆ و چ ده‌ره‌كى هه‌موو داموده‌زگا فه‌رمى و دامه‌زراوه‌ چاودێرییه‌كانى له‌ به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌ بنه‌ما گرنگ وهاوبه‌شه‌كانى وڵاتێكى مۆدێرن و چالاكى تێدانه‌ماوه‌ و بوارى زۆر ڕه‌خساوه‌ بۆ دزى و به‌ تاڵان بردنى ماڵى گشتى كه‌ ڕاپۆرته‌كانى ده‌سته‌ى گشتى ده‌ستپاكى عێراق ئه‌م وتانه‌ پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ عێراق  زیاتر له‌ 250 ملیار دۆلار زیانى به‌ركه‌وتووه‌ له‌و پرۆسه‌ى گه‌نده‌ڵیه‌ ڕێكخراوه‌دا  كه‌ بڵند ترین جومگه‌كانى حوكمڕانى وڵاتى گرتۆه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌ به‌ گوێره‌ى ڕاپۆرته‌كانى هه‌مان ده‌سته‌ .
له‌ ئاوا بارو دۆخێكدا له‌ 85% دانیشتووانى عێراق به‌ شێوه‌یه‌كى بچڕبچڕ كاره‌بایان پێده‌گات له‌ 83% خه‌ڵكى عێراق ئاوى خواردنه‌وه‌ى پاكیان پێناگات و كه‌متر له‌ 37% به‌ تۆڕى ئاوه‌ڕۆه‌وه‌ به‌ ستراونه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ بواره‌كانى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌و زۆر شتى تر له‌ ئاستێكى ئێجگار نزم و سامناكدان كه‌ ناكرێت لێره‌دا زیاتر له‌سه‌رى بڕۆم .
له‌ ئێستا دا عێراق كه‌ له‌ پله‌ى سێ یه‌مدا دێت له‌ ریزبه‌ندى وڵاتانى گه‌نده‌ڵ له‌ جیهاندا و له‌ هه‌مان كاتدا گه‌نده‌ڵى بووه‌ته‌ كۆسپ و ڕێگرى گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بنیاتنانه‌وه‌ى عێراقدا و زۆرێك له‌ شاره‌زایان و پسپۆران پێیان وایه‌ گه‌نده‌ڵی له‌ تیرۆر سامناكتره‌ بۆ گه‌لانى عێراق .
ئیستا له‌ دواى خۆپیشاندانه‌كانى شاره‌ گه‌وره‌كانى عێراق له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى ڕابردوودا ئه‌وه‌ بۆ هه‌موو خه‌ڵكى زوڵملێكراوى عێراق ڕوون بووه‌ته‌وه‌ كه‌ سامان و داهاته‌كانى ئه‌م وڵاته‌ له‌ ده‌ستى ئه‌میندا نین و ئه‌وه‌ى بیرى لێ نه‌كه‌نه‌وه‌ هاووڵاتیانى ئه‌م وڵاته‌یه‌ وكێشه‌ وقه‌یرانه‌ درێژخایه‌نه‌كان قووڵترو قورستر ده‌بن و سامان و ئیمتیازه‌ته‌كانى كاربه‌ده‌سته‌كان له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ , 
به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم له‌م زه‌مه‌نى پێشكه‌وتنى زانست و ته‌كنۆلۆجیاى په‌یوه‌ندیه‌دا كه‌ كونج وقوژبنى ئه‌م جیهانه‌ى گرتۆه‌ته‌وه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ ئه‌وانه‌ى به‌ ڕۆژى ڕووناك و به‌ به‌رچاوى هه‌موو خه‌ڵكه‌وه‌ 220 ملیار دۆلارى خه‌ڵكى ئه‌م ووڵاته‌یان بردووه‌و خه‌ڵكیش له‌ ئاوا دۆخێكدا ده‌ژى كه‌له‌ سه‌ره‌وه‌ چه‌ند نمونه‌یه‌كى گچكه‌م لێ باسكرد وه‌كو به‌رزه‌كى بانان بۆى ده‌ربچن و به‌ ئارامى بژین .

به‌دڵمه‌
2
به‌دڵم نييه‌