ده‌سته‌ى ده‌سپاكى: به‌هۆى به‌رزكردنه‌وه‌ى پله‌ى فه‌رمانبه‌ران هه‌شت ملیار و پێنج سه‌د ملیۆن دینار ساڵانه‌ زیان به‌ر بودجه‌ ده‌كه‌وێت

           به‌پێى به‌دواداچونێكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان، به‌پێی مادده‌ی (پێنجه‌م/نۆیه‌م-2) له‌ یاسای ده‌سته‌ی ده‌سپاكی ژماره‌ 13ی ساڵی 2011ی هه‌موار كراو، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سه‌رپێچی و زیاده‌ڕۆیی له‌ به‌رز كردنه‌وه‌ی پله‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری فه‌رمانبه‌ران هه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پێوه‌ری بڕوانامه‌كانیان كه‌ ده‌بێته‌ بارگرانی دارایی له‌سه‌ر بوودجه‌ی هه‌رێم و مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت به ‌بری (8500000000) هه‌شت ملیار و پێنج سه‌د ملیۆن دیناره‌ ساڵانه‌، كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا و ڕێنماییه‌كانه‌.
 
زانیاریه‌كان به‌وشێوه‌یه‌:  له‌ پله‌ی (باڵای/أ) وه‌ك ڕاوێژكار (9) فه‌رمانبه‌ر له‌و پله‌یه‌ جێگیر كراوه‌‌ (3) فه‌رمانبه‌ر به‌ بێ بڕوا نامه‌ (2) فه‌رمانبه‌ر به‌ بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی (4) فه‌رمانبه‌ر به‌ بڕوانامه‌ی په‌یمانگا. 
 
له‌ پله‌ی (باڵای/ب) فه‌رمانبه‌رێك به‌ بڕوانامه‌ی په‌یمانگا جێگیر كراوه‌. له‌ كاتێك (470) فه‌رمانبه‌ر له‌ پله‌ی (1) جێگیر كراوه كه‌ (336) فه‌رمانبه‌ر به‌ بڕوانامه‌ی ئاماده‌ییه‌ و (124) فه‌رمانبه‌ر به‌ بڕوانامه‌ی ناوه‌ندی یه‌‌ و (8) فه‌رمانبه‌ر به‌ بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تاییه‌ و (2) فه‌رمانبه‌ریش به‌ بێ بڕوانامه‌ن  وه‌ (110) فه‌رمانبه‌ر له‌ پله‌ی (2) جێگیركراون به‌ شێوه‌ی ناشایسته‌ (107) فه‌رمانبه‌ریان ده‌رچووی ناوه‌ندییه‌ و (3) فه‌رمانبه‌ر بێ بڕوانامه‌یه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕێسا و ڕێنماییه‌كان.
 
هاوكات (967) فه‌رمانبه‌ر له‌ پله‌ی (3) جێگیر كراون (867) فه‌رمانبه‌ر بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی هه‌یه‌ (100) فه‌رمانبه‌ر بێ بڕوانامه‌یه‌.
 
له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌رچووانی ئاماده‌یی و ناوه‌ندی له‌ پله‌ی دووی وه‌زیفی ده‌وه‌ستێت و ده‌رچووانی سه‌ره‌تایی له‌ پله‌ی سێ وه‌ فه‌رمانبه‌ری بێ بڕوانامه‌ له‌ پله‌ی پێنچ ده‌وه‌ستێت.
 
جێگیر كردنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌و پله‌ وه‌زیفییانه‌ی كه‌ پێچه‌وانه‌ی بڕوانامه‌كانیان به‌ گوێره‌ی یاسای خزمه‌تی شارستانی ژماره‌ 24ی ساڵی 1960ی هه‌مووار كراو وه‌ بۆ به‌رز كردنه‌وه‌ و جێگیر كردنی فه‌رمانبه‌ران به‌ دوو پێوه‌ر جێگیر ده‌كرێت كه‌ ئه‌ویش پێوه‌ری بڕوانامه‌ و خزمه‌ته‌ وه‌ ڕێنمایی دارایی ژماره‌ (11)ی ساڵی (2011) كه‌ ده‌ست نیشانی ئاستی دامه‌زراندن و كۆتایی پله‌ی فه‌رمانبه‌ران ڕێكده‌خات. 
 
ئه‌و سه‌رپێچییانه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌ فیڕۆدانی بڕێكی زۆری داهات له‌ بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كاتێكدا كه‌وا ده‌سته‌كه‌مان ئاگاداری هه‌رسێ لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری كردۆته‌وه‌ به‌و سه‌رپێچییانه‌ وه‌كو سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و زیاده‌ڕۆیی و  سه‌رپێچیانه‌، وه‌ چاوه‌ڕوانین كه‌وا ‌ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌ ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵبستن بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ دارایی یه‌كانی هه‌رێم.

 

 
 

به‌دڵمه‌
به‌دڵم نييه‌