د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: ناوی ئه‌و به‌رپرسانه‌ بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ سامانییان ئاشكرا ناكه‌ن

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی ده‌سپاكی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، ساڵی پار 87 له‌سه‌دی به‌رپرسانی سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌رێم سامانییان بۆ ده‌سته‌كه‌ ئاشكرا كردووه‌.
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی ده‌سپاكی (نه‌زاهه‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو هه‌مواركردنه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی یاسای ده‌سته‌كه‌ به‌ پێویست و باش ناوده‌بات بۆ ده‌ستكراوه‌ كردنییان به‌رامبه‌ر به‌ پرسه‌كانی گه‌نده‌ڵی و لێكۆڵینه‌وه‌ی پتر، ده‌شڵێت" ئه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌ی په‌رله‌مان له‌ 25 و 26ی مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی پار كردی ده‌سه‌ڵاتی باشتر ده‌داته‌ ده‌سته‌كه‌ و كاره‌كانی رێكتر ده‌كات، 95 له‌سه‌دی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌مانویست به‌دی هات".
له‌باره‌ی دیارترین ئه‌و گۆڕانكارییانه‌شی ئه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌ به‌دیی هێناون ده‌ڵێت "له‌ پێناسه‌كردنی تاوانه‌كانی گه‌نده‌ڵی كه‌ چه‌ندین تاوانی دی هاتوونه‌ته‌ نێو ده‌سه‌ڵاته‌كانمانه‌وه‌، پرسی زیادكردنی سزای دارایی به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی فۆڕمی ئاشكراكردنی سامان پڕناكه‌نه‌وه‌ یان زانیاریی وردی تێدا نییه‌ بۆ سێ تا 100 ملیۆن دینار و سزادانی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ گشتییانه‌ی زانیاری ناده‌ن به‌ ده‌سته‌، هه‌روه‌ها خاڵی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی بانگه‌شه‌كانی بوونی گه‌نده‌ڵی، دیارترین ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ن كه‌ له‌ یاسا نوێیه‌كه‌دا به‌دی هاتوون".
 د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر ده‌شڵێ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ نزیكه‌ی 20ی مادده‌ی یاسا كۆنه‌كه‌دا كراوه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ كاری بۆ ده‌كرێت و پێش ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌ویش وه‌كو سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌ كاری بۆ كراوه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا دانه‌مه‌زراندنی لێكۆڵه‌ری دادی بۆ ده‌سته‌كه‌ له‌ رێگه‌ی خۆیه‌وه‌ كه‌ له‌ یاساكه‌دا نه‌كراوه‌ به‌ رێگرێك له‌ به‌رده‌م كاره‌كانییان ده‌بینێت و ده‌ڵێت "باشتر بوو ده‌سته‌ خۆی مافی دامه‌زراندنی لێكۆڵه‌ری دادی هه‌بایه‌، چوونكه‌ ئێستا گرفتی نه‌بوونی لێكۆڵه‌ری دادیمان هه‌یه‌".
د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر له‌ باره‌ی قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت به‌هۆی دواكه‌وتنی رێوشوێنه‌كانی رێكخستنی دامه‌زراندنی ده‌سته‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌ به‌ رووداوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردن و پاشكه‌وتنی پێكهێنانی حكوومه‌ت و شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی ده‌به‌ستێته‌وه‌ وه‌كو پێویست به‌رنامه‌كانییان جێبه‌جێ نه‌بووه‌، ده‌شڵێت "له‌ به‌رنامه‌ماندایه‌ له‌ ئه‌مساڵ لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی له‌سه‌ر ئاستی  گه‌نده‌ڵی و قه‌باره‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ین چی به‌ توێژینه‌وه‌ی مه‌یدانی یان راپرسی بێت، ده‌مانه‌وێت بزانیین ئاستی گه‌نده‌ڵی له‌ كه‌رته‌ جیاجیاكان له‌ كوێ دایه‌".
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی ده‌سپاكی (نه‌زاهه‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت "له‌ رووی خۆپارێزییه‌وه‌ خه‌ریكی ئاماده‌كردنی رێساكانی ره‌فتاری فه‌رمانبه‌رێتین كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران، هه‌روه‌ها چاودێری دارایی و بڕیار و كاره‌كانی داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت ده‌كه‌ین و كار له‌سه‌ر زۆری ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانیش ده‌كه‌ین، جگه‌ له‌وه‌ش له‌گه‌ڵ رێكخراوی NDP كه‌ به‌منزیكانه‌ یاداشتی لێكتێگه‌یشتن ئیمزا ده‌كه‌ین و له‌ یه‌كێك له‌ جومگه‌كانی ئه‌و یاداشته‌ كار ده‌كه‌ین بۆ بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی بخه‌ینه‌ نێو پڕۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تییه‌وه‌ تا پۆلی دوازده‌یه‌م". جگه‌ له‌وانه‌ش باسی چه‌ندین چالاكیی هۆشیاركردنه‌وه‌ ده‌كات".
"ساڵی پار 87 له‌ سه‌دی به‌رپرسانی سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌رێم سامانییان ئاشكرا كردووه‌"
د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر له‌ باره‌ی ئاشكراكردنی سامانی به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ بۆ ئانادۆڵو گوتی ناوه‌ڕاستی مانگی دووی ساڵی پار بۆ یه‌كه‌م جار فۆرمی ئاشكراكردنی سامانییان به‌ په‌رسانی سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌رێم پڕكردووه‌ته‌وه‌ و له‌و پێناوه‌شدا هه‌زار و 802 فۆڕمییان دابه‌شكردووه‌، له‌و بڕه‌ هه‌زار و 614 فۆرم گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ رێژه‌ی 87 له‌سه‌دی كۆی فۆڕمه‌كان، ده‌شڵێ چه‌ند ده‌زگایه‌ك له‌ نموونه‌ی په‌رله‌مان، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، دیوانی چاودێری دارایی و ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و ده‌سته‌كه‌ی خۆشیان رێژه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی فۆڕمه‌كان تێیاندا 100 له‌ سه‌د بووه‌.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی و سه‌رۆكی حكوومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگر و سكرتێری په‌رله‌مانیش پڕیان كردووه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی ده‌ستپاكی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد پێشبینی ده‌كه‌ن تا مانگێكی دی سه‌رجه‌م فۆڕمه‌كانییان به‌ده‌ست بگاته‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ ساڵی 2015ش د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر گوتی" پێده‌چێت له‌ مانگی سێی ئه‌مساڵ فۆڕمی نوێی ئاشكراكردنی سامان بۆ ساڵی 2015 به‌سه‌ر ئه‌و به‌رپرسانه‌ی سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌رێم دابه‌ش بكه‌ینه‌وه‌ و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ بۆ ئه‌مجاره‌ فۆرمی ئه‌لیكترۆنی به‌كاربهێنین".
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی ده‌ستپاكی له‌ هه‌رێم باس له‌وه‌ ده‌كات ئاشكراكردنی به‌رپرسانی هه‌رێم پێویستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌و فۆڕمانه‌ی بۆ خۆیان پڕیان ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كی ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار ئه‌نجام ده‌درێت له‌وانه‌ دارایی، بازرگانی و پیشه‌سازیی، كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، شاره‌وانی، ناوخۆ، گوتیشی به‌دواداچوونه‌كانییان له‌ تۆماری خانووبه‌ره‌ و تۆماری كۆمپانیاكان و تۆماری ئۆتۆمبیل، تۆماری زه‌ویی كشتوكاڵی ده‌كه‌ن.
سه‌بارت به‌وانه‌شی كه‌ فۆڕم پڕناكه‌نه‌وه‌، د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر ده‌ڵێ ده‌سه‌ڵاتی سزادانانیان هه‌یه‌ و ناوی ئه‌و به‌رپرسانه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ سامانییان ئاشكرا ناكه‌ن، ده‌شڵێت "ئێمه‌ له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ده‌سته‌ داوامان كردبوو زانیاریی نێو فۆڕمه‌كان بڵاو بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام دواجار په‌رله‌مانتاران پێیان باش نه‌بوو، بۆیه‌ ته‌نها زانیاریی ئه‌و كه‌سانه‌ بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ تاوانی گه‌نده‌ڵی سزا ده‌درێن".
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی ده‌سپاكی هه‌رێم له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هێڵی گه‌رم كه‌ ژماره‌یه‌كی ته‌له‌فۆنییه‌ و بۆ هاووڵاتییان دابینكراوه‌ تا له‌ رێگه‌یه‌وه‌ دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی به‌و ده‌سته‌یه‌ بگه‌یه‌نن به‌ زۆر باش ده‌زانێت و ده‌ڵێت رۆژانه‌ هه‌واڵی گه‌نده‌ڵییمان پێده‌گات، به‌ نیگه‌رانیشه‌وه‌ ده‌ڵێت "تا ئێستا یه‌ك په‌رله‌مانتار دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵیی له‌ هه‌رێم پێداوین".
باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ به‌ ده‌یان كه‌یسی گه‌نده‌ڵییان له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ن تێیاندا.
سه‌باره‌ت به‌ دۆسییه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ مووچه‌خۆری حكوومه‌تی هه‌رێمن و ده‌وامیش ناكه‌ن، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای ده‌كات له‌ كۆتایی مانگی یانزه‌ داوایان له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ زانیاریی وردیان له‌سه‌ر ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی  هه‌رێم پێبدات و جگه‌ له‌ چه‌ند ده‌زگایه‌كی كه‌م نه‌بێت هێشتا ئه‌و زانیارییانه‌یان به‌ ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌.
ده‌شڵێت "هیچ زانیارییه‌كی ئه‌وتۆمان له‌سه‌ر بن دیوار نییه‌ به‌ وردی، بۆیه‌ ناتوانیین بڵێین قه‌باره‌كه‌ی چه‌نده‌ و چه‌ند كه‌سن".

به‌دڵمه‌
7
به‌دڵم نييه‌