چەمكی دەوڵەتی دامەزراوەیی

چەمكی دەوڵەتی دامەزراوەیی
 د. مریوان صابر حمد
بیرمەندی ڕۆمای كۆن (شیشرۆن) دەڵێت: "كە كۆمەڵگە هەبوو واتا یاسا هەیە"، یاساكان پێویستییەكی سەرەكی مرۆڤەكانن، كە پێویستییان بە پێوەر و بنەما هەیە بۆ ڕێكخستنی هەڵسوكەوت و ڕەفتاریان.    
  لەسەر ئاستی كوردستان زۆر قسە دەكرێت لەبارەی دەوڵەتی دامەزراوەیی، هەندێك جار ئەوانەی باس لەو چەمكە دەكەن چەمكەكە كورت دەكەنەوە لەسەر حاڵەتێك یان دیاردەیەك، بۆیە پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا مەبەست چییە لە دەوڵەتی دامەزراوەیی؟  
   پێش ئەوەی چەمكی دەوڵەتی دامەزراوەیی ڕوون بكەینەوە، پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان كە دامەزراوەی دەستورییان هەیە قسەكردنێكی ئەوتۆ نییە لەبارەی دەوڵەتی دامەزراوەیی چونكە دامەزراوەكانی ئەو دەوڵەتانە بە پێی پرەنسیپە دەستوری و بنەما یاساییەكان پراكتیزەی تایبەتمەندییەكانی خۆیان دەكەن، بەڵام لە كوردستان قسەیەكی زۆر لەبارەی چەمكی دەوڵەتی دامەزراوەیی یان بە نیشتمانیكردنی دامەزراوەكان دەكرێـت ، واتا هەمووان كۆكن كە ئێمە بەدامەزراوەیی نین بێ ئەوەی لە ڕووی فعلیەوە چارەسەرێك بخەنە ڕوو لەو بارەیەوە. 
  ئەگەر لە ڕووی مێژووییەوە لە چەمكی دەوڵەت قووڵ بینەوە دەبینین كە چەمكی نوێی دەوڵەت لە سەدەی شازدەهەم هاتە نێو فەرهەنگی سیاسی بەوەی چەمكی دەوڵەت واتا كۆمەڵگەی سیاسی باڵا كە لەژێر سایەیدا گشت هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان كۆدەكاتەوە، لە دەوڵەتیش پراكتیزەكردنی دەسەڵات لە ڕێگەی دامەزراوەكانەوە دەبێت كە بە پێی دەقی یاسایی چوارچێوەی كاركردنیان ڕێكخراوە. 
  دامەزراوەكانی دەوڵەت نوێنەرایەتی خەڵك دەكەن بە شێوەیەكی گشتی چونكە سەروەری تەنها بۆ خەڵكە، وە دەسەڵات موڵكی كەسێك یان لایەنێك نییە تاوەكو قۆرخی بكات بەڵكو كەسانێك پراكتیزەی دەسەڵات لە نێو دامەزراوەكان دەكەن بە پێی پرەنسیپە دەستورییەكان كە سیستەمی حوكمڕانی ڕێكدەخات و سنوور بۆ پراكتیزەكردنی دەسەڵاتەكان دادەڕێژێت.
   دامەزراوەكانی دەوڵەت بە بەردەوامی نوێ دەبنەوە لە كاتێكدا ئەوانەی دامەزراوەكان بەڕێوە دەبەن دەگۆڕێن، دامەزراوەكان ناكرێت بە گۆڕینی كەسەكان كاریگەر بن، لە دەوڵەتی دامەزراوەییدا گشت هاوڵاتیان یەكسانن لە ماف و ئەركەكانیان و دەسەڵاتدارانیش پێویستە وەكو هەر هاوڵاتیەك ملكەچی حوكمەكانی یاسا بن چونكە دەوڵەتی دامەزراوەیی، پێچەوانەی دەوڵەتی كەسەكان، سەروەری و هێز بۆ دامەزراوەكەیە بە بێ ڕەچاوكردنی ئەو كەسانەی كە بەڕێوەی دەبەن.
   لە كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بە هەنگاونانی جدییە بۆ بونیادنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی، بە شێوەیەك ئەو بۆشاییە زۆرەی كە لە نێوان بەرپرس و هاوڵاتیانی ئاسایی هەیە نەهێڵدرێت، گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەكان پەیوەستە بە گەڕاندنەوەی هێز بۆ دامەزراوەكان.
   لە دەوڵەتی دامەزراوەییدا، هاوڵاتیان دامەزراوەكان بە موڵكی خۆیان دەزانن و ئینتیمای دامەزراوەكانیش بۆ بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیانە، بەرپرسانی ئەم دامەزراوانەش هەمیشە لە ژێر چاودێرییەكی توندی هاوڵاتیاندان و هەركاتێك بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیانیان كردە قوربانی بەرژەوەندییە تایبەتیەكانیان ئەوا دووچاری لێپرسینەوە و سزادان دەبنەوە. 
  بۆ تێگەیشتن لە چەمكی دەوڵەتی دامەزراوەیی پێویستە جیاوازی بكرێت لە نێوان دەسەڵات لە لایەك و دەوڵەت لە لایەكی دیكەوە، لە كوردستان كۆمەڵێك پارتی سیاسی هەن پراكتیزەی دەسەڵات دەكەن لە نێو دامەزراوەكاندا، بەڵام ئەم پراكتیزەكردنەی دەسەڵات بە شێوەیەكی دامەزراوەیی نییە، بەڵكو تا ئێستاش لایەنی كەسێتی زاڵە بەسەر لایەنی دامەزراوەیی لە دامەزراوەكانی كوردستان.
   لە ڕووی فكرییەوە دەوڵەت لەسەر بنەمای دامەزراوەكان بونیاد دەنرێـت نەك كەسەكان و حزبەكان، ئەو سیاسەتمەدارەی مامەڵە لەگەڵ دەوڵەت دەكات وەكو موڵكدارێتی خۆی، بیەوێت یان نەیەوێت، بەشداری دەكات لە وێرانكردنی.
   لە كۆتاییدا دەڵێن: با هەوڵەكانمان تەرخان بكەین بۆ بونیادنانی دەوڵەتی هاوڵاتیان نەك دەوڵەتی بەرپرسان، جیاوازییەكەش لەوەدایە لەسایەی دەوڵەتی هاوڵاتیان هەمووان یەكسانن لە ماف و ئەركەكانیان، لە كاتێكدا لە دەوڵەتی بەرپرسان سامانی گشتی و ماندووبوونی هاوڵاتیان لە خزمەتی دەوڵەمەندبوونی بەرپرساندایە.
  

به‌دڵمه‌
1
به‌دڵم نييه‌