مافی هاوڵاتیان لەگەیشتن بەزانیاریەكان لەوۆركشۆپێكدا

دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان لەژێر ناونیشانی (زامنكردنی مافی هاوڵاتیان لە گەیشتن بە زانیاریەكان
مەرجی سەرەكی پابەندبوونە بە پرەنسیپی شەفافیەت)وۆركشۆپێك ئەنجامدەدات 
  بە بۆنەی تێپەڕبوونی یەك ساڵ بەسەر چوونە بەركاری یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان ژمارە (11)ی ساڵی (2013)، فەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت لە دەستەی گشتی دەسپاكی بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان وۆركشۆپێك سازدەكات لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی (22/10/2014) لە هۆڵی سیمینارەكان لە بارەگای دەستەی گشتی دەسپاكی، لەم وۆركشۆپەدا تیشك دەخرێتە سەر هەڵسەنگاندنی ڕادەی جێبەجێبوونی ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان و ڕادەی پابەندبوونی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بە حوكمەكانی ئەم یاسایە.  
 یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان ژمارە (11)ی ساڵی (2013) لە ژمارەی (167)ی ڕۆژنامەی وەقائعی كوردستان لە ڕێكەوتی (18/7/2013) بڵاوكراوەتەوە، و لە ماددەی (22)ی یاساكەدا هاتووە:
"ئەم یاسایە لە دوای (90) نەوەت ڕۆژ لە ڕێكەوتی بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقائعی كوردستان)دا جێبەجێ‌ دەكرێت".
 لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ماددەیەدا ئەم یاسایە بە یاسایەكی بەركار دادەنرێت لە هەرێمی كوردستان لە ڕێكەوتی (17/10/2013) بە دواوە.
  ئەوەی گومانی تێدا نییە كەوا پەیوەندییەكی توندو پتەو هەیە لە نێوان پرەنسیپی شەفافیەت ومافی هاوڵاتیان لە گەیشتن بە زانیاریەكان، وە پاراستنی ئەو مافەی هاوڵاتیانیش بە مەرجێكی سەرەكی دادەنرێت لە كاركردن بە پرەنسیپی شەفافیەت لە كارەكانی حكومەتدا، یاسادانەری كوردستانیش لە هۆیەكانی دەرچوواندنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان ژمارە (11)ی ساڵی (2013) ئەم ڕاستیەی دووپات كردۆتەوە كە تیایدا هاتووە:
 "لە پێناو چەسپاندنی پرەنسیپی شەفافیەت و ڕێكخستنی پێشكەشكردنی زانیاری دروست، و مافی هاوڵاتی لە دەسكەوتنیان، ئەوا ئەم یاسایە دەرچوێنرا".      

به‌دڵمه‌
به‌دڵم نييه‌