ده‌قى وتارى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى له‌ ڕۆژى جیهانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى

  بەڕێز سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان بەڕێز جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى بەڕیزان وەزیرە بەرێزەکان ، پەرلەمانتاران ، پارێزگارى هه‌ولێر کونسڵ و نوێنەرى وڵاتان لە هەرێمى کوردستان ، نوێنەرانى رێکخراوەکانى undp و usia.

به‌خێر بێن بۆ مه‌راسیمى رۆژى 9/12 که‌ لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان دیارى کراوە بۆ بەرەنگار بوونەوەى گەندەڵى و ساڵانه‌ ده‌سته‌ى ده‌سپاكى به‌چالاكى جۆراوجۆریادی ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌كاته‌وه‌ .

- ئەم ساڵ هەفتەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی مان ڕاگەیاند بە کۆمەڵێك چالاکی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان وەكو (شانۆگەری سەر شەقام ، بەڕێوەبردنی پانێل ) لەگەڵ زانکۆکانی سلێمانی و دهۆك و پێشه‌نگاو پۆسته‌ر وكاریكاتێر.

- هەروەها لە هەفتەی ڕابردوو ڕێکەوتنێکی لێك تێگەیشتنمان ئیمزا کرد لەگەڵ ڕیکخراویUNDP بۆ پاڵپشتی لە چالاکییەکانی دەستە كه‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تاى هاوبه‌شیه‌كى گرنگ بۆ هاوكارى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى و بۆ په‌ره‌پێدانى كاروچالاكییه‌كانى له‌ساڵانى داهاتوو.

-به‌ڕێزان.. دواى ئەوەى لە نەوەدەکانى سەدەى رابردوو ئەو تاوانانە بوونە هەرەشەیەکى گەورەتر و سنورى وڵاتانیان بەزاند نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵەکانی چڕ کردووە بۆ ئامادە کردنی ڕێکەوتن نامەیەکی نێو دەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تا دوا جار لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕێکەوتنی نامەکە ئیمزا کراو لە ساڵی ٢٠٠٥ کەوتە بواری جێ بە جێ کردن .

له‌ پێشه‌كى ڕێككه‌وتننامه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌گرتووه‌كاندا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى هاتووه‌، گه‌نده‌ڵى ئاسایش و ئارامى كۆمه‌ڵگا ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ دام و ده‌زگا دیموكراسییه‌كان بنكۆڵ ده‌كات و به‌هائه‌خڵاقییه‌كان و دادپه‌ره‌وه‌رى هه‌ڵده‌ته‌كێنى سه‌روه‌رى یاسا و گه‌شه‌پێدانى به‌رده‌وام ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

- گەندەڵی لە جیهان ساڵانە سەدان ملیار دۆلار زیان بە ئابوری ووڵاتان دەگەینێت و ئەو زیانانە لە ووڵاتانی تازە پێگەیشتوو زۆر زیاترە بە هۆی لاوازی دەزگاکانی حوکمڕانی و بوونی جۆرەها ململانێ لە نێوانیانداو لاوازی هۆشیاری سیاسی و کەلتوورى دیموکراسى .

- ئێمە لە چوارچێوەی وڵاتی عێراق داین کە ساڵانە لە پێوەرەکانی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێو دەوڵەتی عێراق لە پلەکانی ٦-٨ ی گەندەڵترین وڵاتانی جیهانە ، لە ساڵى ڕابردوو چەند پلەیەك دابەزیوە ، بە فیرۆچوونی سەدان ملیار دۆلار لە داهاتی ئەو وڵاتە عێراقی کردۆتە یەکێك لە وڵاتە هەرە دواکەوتوەکان لە ڕووی کەمی خزمەتگوزاریەکان ، زۆری ڕێژەی هەژاری و بەردەوامی ململانێ خوێناویەکان بە شێوەیەکی بەردەوام تیایدا .

- هەرێمی کوردستان وەك بەشێك لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق سەرەڕای جیاوازی زۆر لە ئاستی پەرەپێدانی خزمەتگوزاریەکان و بوونی ڕەوشی جێگیری ئاسایش و ئارامى تیایدا سەرەڕای قەیران و هەڕەشەکانی سەری ، بەڵام دیسان گەندەڵی هێشتا مەترسیە لەسەر سەرجەم ئەو دەستکەوتانە.

- گەندەڵی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیان بنکۆڵ دەکات و متمانە ناهێڵێت کە ئەمە یەکێکە لە کاریگەرە مەترسییەکانی دیاردەی گەندەڵی.

-سەرەڕای هەوڵەکانی چاکسازی لە رابردوو کە جێگای تەقدیرن بەڵام هێشتا ئەو دیاردەیە هەڕەشەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان ، جێگای خۆش حالیە کابینەی تازەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەیەکی چاکسازی ڕاگەیاندووە لە سەرجەم کەرتەکانی خزمەتگوزاری و ئومێدی زۆری درووست کردووە بەوەی ئەو پڕۆسەیە هەلو مەرجی لە باری گەندەڵی کەم بکاتەوەو ڕێو شوێنی توندتریش بیگرێتە بەر بۆ دژایەتی گەندەڵی.

- دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتاکانى کارەکانى لە 2014 دا درکى بە گرینگى بە پرۆسەى چاکسازى کردووە و بەردەوام بە لێکۆڵینەوە و پێشنیارى دام و دەزگاکانى لەسەرپێچیە یاساییەکان و مەترسى چارەسەر نەکردنى ئاگادار کردووتەوە.

- ئەوەى سەلمێنڕاوە لە تاقی کردنەوەى وڵاتانى هاوشێوەى ئێمە دژایەتى گەندەڵى یەکێکە لە کۆلەگە سەرەکیەکانى هه‌ر پرۆسەیەکى چاکسازى و بەبێ ئه‌و بەرەنگاربوونەوەییه‌ لە رووى کارگێرى و یاسایى و سزادانى گەندەڵکاران بەپێ ى یاسا سەرکەوتنى تەواو بەدەست ناهێنێت و ناتوانێ بەردەوام بێت.

- هەروەها لەگەڵ گەورەبوونى مەترسیەکانى گەندەڵى پێویستى بە کۆ دەنگى نیشتیمانى و هاوکارى سەرجەم دەسەڵات و دام و دەزگاکان هەیە لە هەرێمى کوردستان بۆ رووبەرو بوونەوەى واتە دەسەڵاتەکانى جێ بەجێ کردن ، یاسا دانان ، دادوەرى ، دام و دەزگاکانى چاودێرى ، دیوانى چاودێرى دارایى ، دەستەى دەسپاکى ، داواکارى گشتى ، دەبێ هەماهەنگ و هاوکار بن بۆ ئەو پڕۆسەیە پشتگیرى هاولاتیان و کۆکردنەوەى زۆرترین تواناکان بە بەشدارى میدیاکان و رێکخراوەکانى کۆمەلەى مەدەنى زامنى سەرخستنى  پرۆسەکەیە لەو پێناوەدا دەستەى دەسپاکى بە هاوکارى دەزگاى وێستمنیستەر بۆ دیموکراسى و بەشدارى نوێنەرانى دام و دەزگاکان ڕەشنوسى ستراتیژیەتى نیشتیمانى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى ئامادە کردووە لە ساڵى 2017 لە لایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە بڕیارى پێدا و لە رۆژنامەى فەرمیدا بڵاوکرایەوە و بڕیار بوو لە سەرەتاى ساڵى 2018 وە کارى لەسەر بکرێت ، لەگەڵ دەستپێکى کابینەى تازە جارێکى تر ئەو ستراتیژیەتەمان خستۆتە بەردەمیان بۆ ئەوەى لە داهاتوودا کارى لەسەر بکرێت .

ئەوە دەبێتە دەسپێشخەریەکى زۆرباش لە هەرێمەکەمان لە پرۆسەى دژایەتى گەندەڵى.

بەڕێزان ... دژایەتى گەندەڵى خالێکى گرنگى و بنەڕەتى یە بۆ ئەوەى هەرێمەکەمان بگەینێتە کەنارى ئارامى لە کاتێکدا دەورووبەرمان بە بارودۆخى سەختدا تێدەپەرێت گێرانەوەى متمانەى هاولاتیان بەندە بە پێشکەوتن لە پرۆسەى چاکسازى و دژایەتى گەندەڵى .

بەهێزکردنى دەزگاکانى چاودێرى لەوانەش دەستەى دەسپاکى لەرووى یاسایى و تواناى مرۆیى و ماددیەکان خالێکى گرینگە لە پرۆسەى دژایەتى گەندەڵى .

- ئێمە لە دەستە ڕەشنوسى هەموارى دووەمى یاساکەمان ئامادە کردووە نزیکەى (2) مانگە ڕەوانەى پەرلەمانمان کردووە و چاوەرێ ى پاڵپشتى و هاوکاریانین بۆ ئەوەى لە داهاتوویەکى نزیکدا دواى گفتوگۆ کردن پەسەند بکرێت و ببێتە هاندەرێکى بەهێز بۆ کارى دەستە، بوونى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى به‌هێز كه‌ سه‌رجه‌م توانا مرۆیى و ماددییه‌كانى دابین كرابێت به‌شێكه‌ له‌ ئیلتزامه‌كانى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتننامه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى.

لە کوتاییدا دووپاتى دەکەینەوە ... کە پرۆسەى دژایەتى گەندەڵى دەبێ لەسەر بنەماى شەفافیەت (لێپرسینەوە) سەروەرى یاسا بەرێوە بچێت و ببێتە هاندەر بۆ بەهێز کردنى دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان و ئەو ئەرکە لە تواناى دەزگایەک و دەسەڵاتێک بە تەنها گەورەترە و پێویستى بە هاوکارى هەموو لایەکە .

لێره‌وه‌ داوا له‌ نوێنه‌رى وڵاتان ده‌كه‌ین له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ چۆن هاوكارى گه‌لى كوردستان بوون له‌شه‌ڕى تیرۆرستان، ئاواش هاوكارمان بن له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و دژایه‌تى گه‌نده‌ڵى، نابێ پڕۆسه‌ى چاكسازى له‌ یاسایه‌ك كۆ بكرێته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێت ته‌نیا وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بێ بۆ پرۆسه‌یه‌كى چاكسازى گشتگیر.

كوردستان پێویستى به‌ چاكسازى ریشه‌یى هه‌یه‌ له‌سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵات و دام و ده‌زگاكانى به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ حكومه‌تێكى بچووككراوه‌ و كارا هه‌بێت.

دیارى كردنى میلاكى سه‌رجه‌م دام و ده‌زگاكان له‌سه‌ر بنه‌ماى پسپۆڕى و دڵسۆزى بێت و پره‌نسیپى كه‌سى شیاو بۆ شوێنى شیاو په‌یرٍه‌و بكرێ و بكرێته‌ بنه‌ما بۆ دیارى كردنى سه‌رجه‌م پۆسته‌ كارگێرییه‌كان.

جارێكى تر به‌خێر بێن.

به‌دڵمه‌
3
به‌دڵم نييه‌
Cannes Escort