ڕێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان ده‌گیرێته‌ به‌ر

 
ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ 25/7/2018 به‌ سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، پارێزگاران، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان، وه‌زیری ناوخۆ، دیوانی چاودێریی دارایی، داواكاری گشتی و نوێنه‌ری ئاسایش، ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

 كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ت بوو به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پاڵاوگه‌ بچووكه‌ نایاساییه‌كان كه‌ به‌بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی كاریان كردووه‌ و تیایدا وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ڕاپۆرتێكیان سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی پاڵاوگاكان‌، شوێنه‌كانیان و مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دیاره‌ نایاساییه‌ پێشكه‌ش كرد. 

كۆبوونه‌وه‌كه‌ كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ پێویسته‌ به‌ زوویی چاره‌سه‌ری ئه‌م دیارده‌یه‌ بكرێت، به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌م پاڵاوگانه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری زیانگه‌یاندێكی گه‌وره‌ به‌ ته‌ندروستی و ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان. له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كی زه‌ق له‌ هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی باسكران كه‌ به ‌هۆی پاشه‌ڕۆی ئه‌م پاڵاوگانه‌وه‌ زیانی گه‌وره‌ به‌ر‌ سه‌رچاوه‌كانی ئاو و به‌رهه‌می كشتوكاڵی گه‌یشتووه‌ و‌ هۆكاری سه‌ره‌كیشن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی مه‌ترسیدار.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ بڕیاردرا  وه‌زارتی سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ هاوكاریی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ڕێزان سه‌رۆكی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان له‌ ده‌رفه‌تێكی نزیكدا به‌ میكانزمێكی پێویستی یاسایی كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن و حكوومه‌تیش ڕێكاری پێویست به‌رامبه‌ر پاراستنی ژینگه‌ و ته‌ندروستی و ژیانی هاووڵاتیان بگرێته‌ به‌ر و دواتریش ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ڕێكاره‌ یاساییانه‌ بۆ ڕای گشتی بخرێنه‌ ڕوو. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێزان سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ده‌زگا ئیداره‌ییه‌كان به‌تایبه‌تی ده‌زگاكانی جێبه‌جێكردن وه‌ك وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و پۆلیس به‌ هاوكاریی پارێزگاره‌كان كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن له‌ ‌چوارچێوه‌ی ئه‌و میكانزمه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خرانه‌ ڕوو و داوكاری گشتیش ڕاسپێردرا له‌ڕووی یاسایییه‌وه‌ هاوكاری ئه‌م تیمه‌ بێت، هه‌روه‌ها دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ پاراستنی ژینگه‌ و ژیانی هاووڵاتیان له‌ كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌،‌ چونكه‌ ژیانی خه‌ڵك و پاراستنی ژینگه‌ له‌ پرسه‌ ئابوورییه‌كان گرنگترن و پێویسته‌ جیاوازی له‌نێوان ژیان و ژینگه‌ی خه‌ڵك، له‌گه‌ڵ دابینكردنی سووته‌مه‌نی بكات.

به‌دڵمه‌
به‌دڵم نييه‌