روونکردنەوەیەک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانه‌وه‌ سەبارەت بە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی

 لە رێکەوتی 2018/1/3، حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکەی، ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردو دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا ئاراستەی شەش لیژنەی پەرلەمانی پەیوەندیدار کراو لە ماوەی کارکردنی نزیکەی دوو مانگی لیژنەکان راپۆرتی هاوبەش ئامادەکراو خرایە بەردەم پەرلەمان بۆ گفتو گۆ کردن و پەسەند کردن. لە ماوەی سێ رۆژی دانیشتنەکانی پەرلەمان و دوای گفتوگۆی چڕوپڕ لە رێکەوتی 2018/2/28، کۆی یاساکە پەسەند کرا. ئێمە پێمان وایە پەسەندکردنی ئەم یاسایە دەسکەوتێکی گەورەی گەلەکەمانە لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی و جێگای خۆیەتی دەستخۆشی لە ئەندامانی پەرلەمان لە سەرجەم فراکسیۆنە جیاوازەکان و حکومەتی هەرێم و دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و هەموو لایەک بکەین کە بەشدارو پاڵپشت بوون بۆ پەسەندکردن و دەرچوونی ئەم یاسایە. لە روانگەی پەرۆشیشمان بۆ روونکردنەوەی راستییەکان و دەسکەوتەکانی ئەم یاسایەو چەواشەنەکردنی رای گشتیی کوردستان لەلایەن هیچ کەس و لایەنێک ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینەڕوو:

یەکەم: یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشکراوەو پرۆژەی هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمان نەبووە، بەڵام دوای ئەوەی هاتۆتە پەرلەمان سەرجەم فراکسیۆنەکان و لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان بەیەکەوە هەوڵی پەسەندکردنی ئەم یاسایەیان داوەو لە کاتێکیشدا کە کۆی یاساکە خرایە دەنگدان هیچ ئەندامێکی پەرلەمان و هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانیش دژی پەسەندکردنی یاساکە دەنگی نەداوەو سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەگەڵ یاساکە بوون.

دووەم: ناوەڕۆکی یاساکە کۆمەڵێک دەسکەوت و خاڵی ئێجگار گرنگی تێدایە کە ساڵانیکە گەلی کوردستان چاوەڕوانی دەکات بۆ چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی، لە خوارەوە وەک نموونە دەستبژێرێک لەم دەسکەوتانە دەخەینەڕوو:

1- زامنکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەو مووچەیەی لە ماوەی رابردوو بە ناوی پاشەکەوت لێیان بڕدراوە، بەشێوەیەک بخرێتە سەر حیسابی بانکیی فەرمانبەران و لە داهاتووش بە پەیڕەوێکی تایبەت شێوازی مامەڵەپێکردنی رێکبخرێت و فەرمانبەران بتوانن بەکاری بهێنن.

2 - ئەوە جێگیرکراوە کە هیچ خانەنشینێک نابێت لە سێ سەد هەزار دینار کەمتر مووچەی خانەنشینی وەربگریت و لەو داهاتانەش کە لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساکە دەگەڕێنەوە، تەرخان دەکرێت بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و باشکردنی دۆخی ژیانی خانەنشینانی کوردستان.

3 - هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی پلەباڵاو پلەتایبەتەکان کە رۆژێک لە رۆژان ئەم پۆستانەیان نەبینیوەو دەستەبەرکردنی مافی ئەو تێکۆشەرانەی لە بزووتنەوەی رزگاریخواری کوردستان بەشداربوونە لە چوارچێوەی یاسای رێزلێنانی پێشمەرگە و خانەنشینیی پێشمەرگە.

4 - راستکردنەوەی مووچەی خانەنشینی یان هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەدەر لە یاسا یان بە پلەی بەرزتر لە پلەی شایستەی خۆیان خانەنشینکراون.

5 - یەکخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەو یەکە کارگێڕییەکان کە مووچەی خانەنشینییان لێ خەرج دەکرێت بە سەربازی و مەدەنی لەناو بەڕیوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بەوەزارەتی دارایی.

6 - یەکخستنەوەی یەکەکانی ژمێریاریی سەربەیەکەی حەفتاو هەشتا لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، کەئەمە هەنگاوێکی گرنگ و پیرۆزە بەرەو یەکخستنی تەواوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

7 - دانانی میکانیزم و کاتی دیاریکراو بۆ پاککردنەوەی لیستی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر، لە رێگای پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند کە ئەمە خواستی خەڵکی کوردستانە.

8 - دەستنیشانکردنی ژمارەی پاسەوانی بارەگاو دامەزراوەو پلەباڵاکانی هەرێم لە چوارچێوەی پەیڕەوێک کە حکومەت و پەرلەمان لە ماوەی شەست رۆژ پەسەندی دەکەن، بەمەش هەموو ئەو نادادی و بندیوارو بەهەدەردانەی لەم بوارە دەکرێت لادەبرێت و هەموو یەکەکانی پاسەوانی یەکدەخرینەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ.

9 - رێکخستنەوەی دەرماڵەکان و زیاتر لە یەکجار سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بە ئیستسناکردنی کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستیی تایبەت.

10 - دانانی مەرج و رێسای یاسایی گونجاو بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکارو پلەباڵاکان کە دەستەبەری پسپۆڕی و دادپەروەری بکات.

11 - راگرتنی درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی وەزیفی بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی هەرێمی کوردستان لە هەرسێ دەسەڵات و لە هەموو ئاستەکان.

12 - پابەندکردنی هەریەک لە دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهەو داواکاری گشتی لە جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاساکە.

13 - دروستکردنی صندوقی خانەنشینی و قەدەغەکردنی خەرجکردنی هەر بڕە پاره‌یەک لەم صندوقە.

سێیەم: سەبارەت بە خانەنشینیی پلەباڵاکان لە سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و وەزیرو پەرلەمانتارو وەکیل وەزیرو راوێژکارو بەڕیوەبەری گشتی و سەرجەم پلەتایبەتیەکان، میکانزمێک پەسەندکراوە بە بەراورد بە یاسا بەرکارەکانی پێشوو کە هەبوون بۆ خانەنشینکردنی ئەمانە رێژەیەکی زۆری خانەنشینییان کەمکراوەتەوەو هەوڵدراوە ساڵانی خزمەت و بڕوانامەو تەمەن لە بەرچاو بگیرێت و لە رێژەی بیست و پێنج لە سەد لە مووچەکەیان دەستپێدەکات بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار پەنجا ساڵە نابێت لە شەست لەسەدی مووچەکەیان زیاتر بێت و ئەوانەشی لە پەنجا سال زیاترن نابێت لە حەفتا لە سەدی مووچەکەیان زیاتر بێت، لە کاتێکدا پێشتر هەموویان بە هەشتا لە سەد خانەنشین دەکران، هەروەها خانەنشین بوون ئارەزوومەندانەیەو هەریەک لەم پلەتایبەتانە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر وەزیفەی پێشووی خۆیان. ئەمەش جۆرێکە لە دەستەبەرکردنی دادپەروەری، بۆیە باسکردنی هەرشتێکی دی بەدەر لەمە بۆ موزایەدەی سیاسیەو مەبەست تیایدا شێواندنی راستییەکانە. سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان 2018/2/28.

به‌دڵمه‌
1
به‌دڵم نييه‌