ده‌سته‌ى ده‌سپاكى چاودێرى جێبه‌جێ كردنى یاسایى چاكسازى ده‌كات

 

دوای چەندین کۆبوونەوە لەسەر پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه ‌و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان، كه‌ له‌ته‌واوى دانیشتنه‌كاندا د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو پەرلەمانی کوردستان له‌ دانیشتنی ژماره‌ 13ى ئاسایی خۆیدا كه‌ رۆژی سێشه‌مه‌ 2018/2/27، ئه‌نجامیدا سه‌رجه‌م ماددەکانی پڕۆژە یاساکەی پەسندکرد و بەو شێوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پڕۆژە یاساکە جێبەجێ بكات.

دوای پەسندكردنی پڕۆژە یاساكه‌ش، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و شاندی حكومەتی هەرێم، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

 د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان ڕاى گه‌یاند، پڕۆژه‌كه‌ پێویستیه‌كى حه‌تمى هه‌رێمى كوردستانه‌ و ده‌سته‌ى ده‌سپاكى وه‌ك چاودێر ده‌بێت له‌سه‌ر جێبه‌جێ كردنى پڕۆژه‌كه‌. ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌ى ده‌سپاكى پشتگیرى هه‌ر هه‌نگاوێكى چاكسازى ده‌كات كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام بدرێت. یاسای چاکسازی لە خانەنشینی لە 24 ماددە پێکهاتووە، پەسندکردنی مانگانە بری 150 ملیار دینار بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە. لە یاساکەدا خزمەتی ساڵانەی فەرمانبەران و دەرماڵەکانیان رێکخراوەتەوەو کەمترین مووچەی خانەنشینانیش 300 هەزار دینار دەبێت و دوو مووچەیش نامێنێت.

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: "پڕۆژە یاساکە بەکۆی دەنگ پەسندکراوە و تێکڕای فراکسیۆنەکان بە رۆحێکی نیشتمانپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پڕۆژەیاسایەدا کردو له‌یاساكەدا رەچاوی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان کراوە بەتایبەتی ئەوانەی دەناڵێنن بەدەست ئەوەی کە وەک پێویست دادپەروەری رەچاو نەکراوە لە دامەزراندن و دەرماڵە و پلە و پۆستەکاندا".

لەلایه‌ن خۆشییه‌وه‌، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: "یاسای چاکسازی دەستکەوتێکی گرنگە بۆ کوردستان و نادادپەروەری ناهێڵێت و ئەوانەی بە نایاسایی مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە دەبڕِدرێت و ئەوانەشی بە نایاسایی پلەیان بەرزکراوەتەوە دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە ئیستیحقاقی خۆیانه‌، هه‌روه‌ها خانەنشینیی نایاسایی هەڵدەوەشێنرێتەوە و ئەوانەی بەپلەی وەزیر، راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی و هەر پلەیەکی تایبەت کە بەئیستیحقاقی خۆی وەرینەگرتووە هەمووی لەم یاسایەدا چارەسەرکراوە".

وەزیری دارایی گوتیشی: "لە یاساکەدا تایبەتمەندییەکی تایبەت دراوە بە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێداچوونەوە کراوە بەلیستی شەهیدانی موستەحەق کە پاکبکرێتەوە لەو کەسانەی شەهیدنەبوون و بەشەهید ئه‌ژمارکراون ، هەموو ئەو مووچانەی کە کەمترە لە 300 هەزار دینار کراوە بە 300 هەزار دینارو ئەوانەشى کە مووچەیان بەرزە مووچەکانیان دابەزێنراوە".

پاشان بێگەرد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد به‌بۆنه‌ى پەسندکردنی پڕۆژە یاساکە و رایگەیاند: "پەسندکردنی یاسای چاکسازی هەنگاوێکی گەورەبوو لە کوردستان و لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە، ئەو هەنگاوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە شاکارە جوانەکانی سەرخستنی بابەتی چاکسازی لە هەرێمی کوردستاندا".

 

 

به‌دڵمه‌
به‌دڵم نييه‌