دژایەتی کردنی گەندەڵی و زەرورەتی خواستی کوردستان

 
 
بایەخی کارکردن لەدژی تاوانی گەندەڵی چییە و سوود و دەرکەوتنی داتا و زانیاریە روونەکان دەمانگەیەنێتە چ کەنارێک ، رووبەرووبوونەوەی دیاردەی گەندەڵی و بنەبڕکردنی ئەوە دەهێنێت پلانی تۆکمەی بۆ دابڕێژرێت و ببێتە پرۆژەیەکی گشتگیر و لە تەواوی کایە کۆمەڵایەتیەکاندا کاری لەسەر بکرێت و هەرهەموو لایەک بە پیشەی وەزیفی و ئەخلاقی خۆی بزانێت؟
ئایا ئەو دۆخەی کە کوردستان تێی کەوتووە،  شایەنی ئەوەنییە وەک دەڵێی قۆڵی لێ هەڵبماڵدرێت و بە تێکڕای کایە و پێکهاتەکانیانەوە دژایەتی کردنی گەندەڵی بکەنە دروشمی سەرەکی خۆیان و کارە هەرە لە پێشینەکانیان..؟ 
بەپێی خوێندنەوەی ئەو باروو دۆخەی کە ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت تێیکەوتووە، ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لە دۆخێکی خراپ خۆی دەبینێتەوە، ئەوەش ئەگەر بەشێکی هۆکارەکان بۆ دۆخی ململانێ نێوان هەرێم و بەغدا و سیاسەتی ناهاوسەنگی ئیقلیمی و ناوچەیی لێکدانەوەی بۆ بکرێت، ئەوا ئۆباڵی سەرەکی هەڵەو کەم و کوڕییەکان بۆ ناڕێک بەڕێوەبەردن و ئیدارەدانی ناوخۆیی حکومڕانانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە لەماوەی چەندین ساڵی حوکمڕانێتیاندا نەیتوانیووە بوونیادێکی ئابووری و سیاسی و ئیداری باش دابین بکەن ، تاوەکو زامنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بکات.
بەشی سەرەکی لەو ناحەقیانەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەماوەی حکومڕانێتیاندا ئەنجامیانداوە، بوار ڕەخساندن بووە لە بەهەدەردانى سەرەوەت و سامانی گشتی و بەناڕەوابەکارهێنانی لەلایەن چەند حزب و کەسانێک کە تەنهاو تەنها لەپێناو بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان و خۆ دەوڵەمەندکردنیان پلەو پایە باڵاکانی کەرتی گشتییان بەکارهێناوە، هەموو ئەوانەش تاوانن و دەچنە خانەی تاوانی گەورەی گەندەڵی .
هەربۆیە ئەو دۆخە نالەبارەی هەرێمی کوردستان تێی کەوتووە، هیچ بوارێکی ترى نەهێشتۆتەوە لە غەیری ئەوەی کە هەرچی زووە کار لەسەر بنەبڕکردنی گەندەڵی بکرێ و لەچوار چێوەی پرۆژەیەکی هەمەلایەنەی نیشتیمانی گشتگیردا هەرهەموو لایەک بەبێ جیاوازی کاری لەسەر بکات و تاوانکارانی گەندەڵیش لە دادگای شەفاف و یەکسانخوازدا دادگا بکرێن، ئەگەرنا بەهێشتنەوەى دۆخەکە بەو شێوەیەی کە هەیە جگە لە دیزەبەدەرخۆنەکردنی رەوشەکە، هیچی تری لێ ناخوێندرێتەوە.
بۆ ئاشنابوون لەوەی ئاخۆ بایەخی کارکردن لە دژی گەندەڵی چییە، ئەوە ئەو گرنگیە لە چەند خاڵێک کورت دەکەینەوە:
1- گەندەڵی کاریگەری نەرێنییەکانی لە بوارەکانى سیاسی و ئابووری و بەڕێوەبردن و کۆمەڵایەتی بەجێ دەهێڵێت و هەموو پرۆژیەکی پێشکەوتنیش پەکدەخات.
2- لەدەرئەنجامی تاوانی گەندەڵی دا زیانێکی گەورە بەر هەیکەلیەتى دارایی و مرۆیی دەکەوێت.
3- ئاشکرابوونی بەنەهێنی بەڕێوەچوونی تاوانەکان کە ئەوە سیفەتکی باوی دیاردەی گەندەڵیە لە دونیادا.
4- کۆدەنگی و هاوخەمی نیشتیمانی بۆ پرسەکان و دووبارە متمانە لەلایەن هاوڵاتیانەوە دروست دەبێتەوە.
5- دوای ئەنجامدانی رێکاری دژ بە گەندەڵی، وڵاتان و رێکخراوە جیهانییەکان حسابات و هەماهەنگی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن.
6- دواى بەئەنجامگەیاندنی رێکاری دژ بە گەندەڵی، دەتوانی بەشداری واژووکردنی ژمارەیەک رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی دژ بەگەندەڵی بکەیت.
7- دواجار ڕێگری دەکرێت لەوەی گەندەڵی ببێتە کلتوور و ڕەگ و ڕیشەی دەبڕدرێت و ناوبانگی هەرێمی کوردستانیش دەپارێزرێت.

 

  

دارەوان نورالدین 
5/12/2017   

 
 

به‌دڵمه‌
2
به‌دڵم نييه‌