ستراتیژى رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌كوردستان كارى پێده‌كرێ

 
بۆ یه‌كه‌مجار له‌ هه‌رێمى كوردستان ستراتیژى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى جیبَه‌جێ ده‌كرێت ئه‌وه‌ش دوابه‌دواى كاكردن تێیدا بۆ ماوه‌ى ساڵێك زیاتر.
 
دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن رێكخراوێكى به‌ریتانى به‌ هاوكارى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان كاركردن له‌ ستراتیژى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ده‌ستى پێكرد له‌سه‌ر ئاستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لیژنه‌ى باڵاى بۆ پێكهێنرا.
 
لیژنه‌ى باڵاى حكومه‌ت به‌ سه‌رپه‌رشتى به‌رێز د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان له‌ رۆژى 10 و 17/4/2017 كۆبوونه‌وه‌ و ته‌واوى ئه‌ندامان دیراسه‌ى پرۆژه‌كه‌یان كرد و چه‌ندین پێشنیاریان خسته‌ڕوو به‌مه‌به‌ستى ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى ناوه‌رۆكى ره‌شنووسه‌كه‌ و بریاردرا پرۆژه‌ى ره‌شنووسه‌كه‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به‌رزبكرێته‌وه‌ و هاوكات رۆژى 2/5/2017 به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و به‌ ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران قوباد تاڵه‌بانی، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ی ئاساییی خۆی ئه‌نجام داو پرۆژه‌ى ره‌شنووسى ستراتیژى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى په‌سه‌ندكرا.
 
سه‌ره‌تا به‌پێی به‌رنامه‌ی كاری كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ڕێز د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕاپۆرتی ستراتیژیه‌تی نیشتمانیی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كرد كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی وه‌زاره‌ییه‌وه‌ ئاماده‌ كراوه‌.
 
بۆ یه‌كه‌م جاره‌ ستراتیژیه‌تێكی له‌و شێوه‌یه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ئاماده‌ كراوه‌ كه‌ له‌ ئاستی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و داوكاری گشتی و ده‌سته‌ی ده‌سپاكی و دیوانی چاودێریی دارایی و ئه‌نجومه‌نی ‌وه‌زیران، به‌ ‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ژێر سه‌رپه‌ره‌شتی ڕێكخراوی (وێستمینستری به‌ریتانی بۆ دیموكراسی) دابڕێژرێت كه‌ ڕێخكراوێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌ و له‌پێناو په‌ره‌پێدانی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی له‌ جیهان كار ده‌كات.
 
له‌م ستراتیژییه‌دا میكانیزمه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ‌گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر چوار ئاستی سه‌ره‌كی داڕێژراوه‌، كه‌ بریتین له‌ خۆپاراستن و ڕێگه‌گرتن له‌ گه‌نده‌ڵی، سه‌روه‌ریی یاسا، هۆشیاری و ڕاهێنان و هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌نێوان خۆیاندا و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیش. ئه‌م ستراتیژییه‌ بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ و‌ پاشكۆكانی پلانی جێبه‌جێكردن و چاودێریكردن و هه‌ڵه‌سه‌نگاندنیش له‌خۆ ده‌گرێت.
 
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ستراتیژییه‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد و پاپه‌ندبوونی خۆی به‌ سه‌ركه‌وتنی جێبه‌جێكردنی ستراتیژییه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌. ئینجا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران به‌ ‌ناوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ سوپاسی به‌ڕێز سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی و تیمی هاوكاری كرد و له‌باره‌ی ستراتیژییه‌كه‌وه‌ گوتی: دوای ده‌ستبه‌كاربوونی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ یه‌كه‌م جاره‌ ئه‌م ستراتیژییه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌یی ئاماده‌ بكرێت كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تیایدا به‌شدارن. هه‌روه‌ها قۆناغه‌كانی جێبه‌جێكردن و هه‌ڵسه‌‌نگاندنی به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی به‌ گرنگ وه‌سف كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ له‌م ستراتیژییه‌دا، پڕۆژه‌كانی پێشووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی یه‌كخراون.
 
 

به‌دڵمه‌
به‌دڵم نييه‌