ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى ده‌سته

مادده‌ى پێنجه‌م
سه‌رۆكى ده‌سته‌ به‌رزترین ده‌سه‌لاته‌ تیایدا , وه‌ نوێنه‌رایه‌تى ده‌سته‌ ده‌كات وه‌كو كه‌سایه‌تیه‌كى مه‌عنه‌وى سه‌ربه‌خۆ ,بۆى هه‌یه‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمانبه‌ره‌ یاساییه‌كان دیارى بكات وه‌كو نوێنه‌رى ده‌سته‌

مادده‌ى شه‌شه‌م
سه‌رۆكى ده‌سته‌ ئه‌م ئه‌رك و ده‌سه‌لاتانه‌ى خواره‌وه‌ پیاده‌ ده‌كات

یه‌كه‌م / هه‌ڵسوراندنى كاره‌كانى ده‌سته‌ و مسۆرگه‌ركردنى به‌جێ گه‌یاندنى ئه‌ركه‌كانى له‌ چوارچێوه‌ى یاسادا ,به‌و جۆره‌ى ئامانجه‌كانى به‌دى ده‌هێنێت
دووه‌م/ كردنه‌وه‌ى لقى ده‌سته‌ له‌ پارێزگاو ئیداره‌كانى هه‌رێمدا ,به‌ مه‌رجێك هه‌ر لقێك فه‌رمانبه‌رێك به‌ پله‌ى به‌رێوه‌به‌رى گشتى به‌رێوه‌ى ببات ,كه‌ به‌لاى كه‌مه‌وه‌ بروانامه‌ى به‌رایى زانكۆیى   به‌ده‌ست هێنابێت
سێیه‌م / هه‌ر چوار مانگ جارێك یان هه‌ركاتێك پێویست بوو , ڕاپۆرتێكى ده‌ورى پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان بكرێت كه‌ بریتى بێت له‌ چاڵاكییه‌كانى ده‌سته‌ و پوخته‌یه‌ك له‌ باره‌ى ئه‌و كێشانه‌ى كه‌ لێكۆلینه‌وه‌یان تێدا كراوه‌ و ئه‌وانى داخراون و ئه‌وانه‌ى ره‌وانه‌ى لاى دادگاكانى تایبه‌تمه‌ندكراون و گوێدان به‌ جه‌ماوه‌ر و ڕاگه‌یاندن و خوێندن دواى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى ده‌سته‌به‌ پێ ی مادده‌ى (نۆیه‌م / دووه‌م/ 4) له‌ یاسای ده‌سته‌
چواره‌م/ داوا له‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى بكرێت , لێكۆله‌رى دادوه‌رى بۆ كاركردن له‌ ده‌سته‌دا ته‌نسیب بكات
پێنجه‌م / پیاده‌كردنى ده‌سه‌ڵاتى دارایى و كارگێرى په‌یوه‌ندیدار به‌ ده‌سته‌كه‌ كه‌ یاسا ڕێگه‌ى داوه‌ به‌ وه‌زیره‌كان كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌سته‌ به‌ گوێره‌ى یاسا كارپێكراوه‌كان
شه‌شه‌م/به‌رزه‌فت كردنى ئه‌نجومه‌نى ده‌سته‌ به‌ گوێره‌ى مادده‌ى (22) له‌ یاسای ده‌سته‌
حه‌وته‌م / سه‌رۆكایه‌تى كردنى ئه‌نجومه‌نى ده‌سته‌ به‌ گوێره‌ى مادده‌ى (9/یه‌كه‌م ) له‌ یاسای ده‌سته‌
هه‌شته‌م / كاندیدكردنى جێگرى سه‌رۆكى ده‌سته‌ به‌ گوێره‌ى مادده‌ى (11/یه‌كه‌م ) له‌ یاسای ده‌سته‌
نۆیه‌م / پێدانى مۆڵه‌ت یان ره‌تكردنه‌وه‌ى پێدانى مۆڵه‌ت به‌ گرتنى یان ده‌ستبه‌سه‌ركردنى فه‌رمانبه‌رانى ده‌سته‌ به‌ هۆى كردارێكه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ وه‌زیفه‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌یه‌ , به‌ده‌ر له‌ حاڵه‌تى كه‌تن یان تاوانى بینراودا
ده‌یه‌م / به‌ گوێره‌ى خواستى كار ,به‌ش و هۆبه‌كانى ده‌سته‌ له‌ نوێ بكاته‌وه‌ یان تێكه‌ڵ بكات یان هه‌ڵیان بوه‌شێنێته‌وه‌
یازده‌م / پێكهێانى سه‌رۆكایه‌تى كردنى لێژنه‌ى وردبینى كردنى زانیارى و به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنیه‌كان , كه‌ ئه‌گه‌رى ئاشكراكردنیان ره‌نگه‌ ئاسایشى هه‌رێم بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ , به‌ گوێره‌ى مادده‌ى (13/ دووه‌م) له‌ یاسای ده‌سته‌
دوازده‌م / ده‌ركردنى ڕێنمایى بۆ ئاسانكردنى جێ به‌ جى كردنى حوكمه‌كانى یاساى ده‌سته‌ . به‌ گوێره‌ى مادده‌ى (24) له‌ یاسای ده‌سته‌
.سێزده‌م / پیاده‌كردنى هه‌ر ئه‌رك و  ده‌سه‌ڵاتێكى تر كه‌ له‌ یاسا یان په‌یره‌و یان رێنمایى یان ئه‌م په‌یره‌وه‌ ناوخۆیه‌ هاتبێت

مادده‌ى حه‌وته‌م 

.سه‌رۆكى ده‌سته‌ بۆى هه‌یه‌ به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى ته‌خویل بكات به‌ جێگره‌كه‌ى یان به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان